ئه‌مه‌ش به‌شێكه‌ له‌ مێژووى جه‌نابى دكتۆر عه‌لى قه‌ره‌داغى تاوه‌كو ئه‌مڕۆ..

دكتۆر عه‌لى قه‌ره‌داغى له‌ گوندى نه‌وتى سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ى قه‌ره‌داغى پارێزگاى سلێمانى له‌ مانگى ته‌موزى ساڵى 1949ز. به‌رانبه‌ر به‌ 1368ك. له‌ خێزانێكى ئاین په‌روه‌ر و نیشتیمان په‌روه‌ر و زانست دۆست چاوى به‌ دنیا هه‌ڵهێناوه‌.

سه‌ره‌تاى فێربوون و خوێندنى زانسته‌كانى له‌ زێدى خۆى له‌ گوندى نه‌وتى ده‌ستپێكرد، له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌موو قورئانى پیرۆزى له‌به‌ركردووه‌. دواتر چووه‌ته‌ سلێمانى و ئیجازه‌ى دوانزه‌ عیلمى له‌سه‌ر ده‌ستى (مامۆستا شێخ مسته‌فا قه‌ره‌داغى) وه‌رگرتووه‌، له‌ خزمه‌تى مامى شێخ نه‌جمه‌دین و زۆربه‌ى زاناكانى سلێمانى وانه‌ى خوێندووه‌. دواتر چووه‌ته‌ شارى به‌غداد و له‌ خزمه‌تى كۆمه‌ڵێك گه‌وره‌ زاناى به‌ناوبانگى عێراق و كوردستاندا درێژه‌ى به‌ خوێندنى زانسته‌كان داوه‌، له‌و مه‌لا و زانا گه‌ورانه‌، جه‌نابى (مه‌لا عبدالكریمى موده‌ڕیس) و جه‌نابى (مامۆستا شێخ عبدالقادر)ى وتاربێژ.

له‌ ساڵى 1969 په‌یمانگاى ئیسلامى ته‌واو كردووه‌ و یه‌كه‌مى په‌یمانگا بووه‌، یه‌ك ساڵ دواى ئه‌وه‌ له‌ ساڵى 1970 ئیجازه‌ى عیلمى مه‌لایه‌تى وه‌رگرتووه‌. دواتر په‌یوه‌ندى كردووه‌ به‌ كۆلێژى ئیمام ئه‌عزه‌م له‌ به‌غداد بۆ خوێندنى به‌كالۆریۆس له‌ شه‌ریعه‌تى ئیسلامیدا له‌ ساڵى 1975، به‌ پله‌ى نایاب كۆلێژى ئیمام ئه‌عزه‌مى ته‌واو كردووه‌.

له‌ ساڵى 1980 روو ده‌كاته‌ وڵاتى میسر و له‌وێ بڕوانامه‌ى ماسته‌رى به‌ پله‌ى نایاب له‌ فیقهی به‌راوردكاریدا له‌ كۆلێژى شه‌ریعه‌ و قانون له‌ زانكۆى ئه‌زهه‌ر به‌ده‌ست ده‌هێنێت. دواتر له‌ ساڵى 1985 له‌هه‌مان كۆلێژ و له‌هه‌مان زانكۆ، له‌ بوارى (گرێبه‌ست و مامه‌ڵه‌ داراییه‌كان)دا بڕوانامه‌ى دكتۆراى به‌ پله‌ى نایاب له‌گه‌ڵ روتبه‌ى یه‌كه‌مى شه‌رف به‌ده‌ستهێناوه‌.

به‌هۆى ئه‌و توانا و زیره‌كیه‌ى هه‌یبووه‌ زۆر به‌ دڵگه‌رمى و بێوچان سه‌رقاڵى فێربوون و له‌به‌ركردن و خوێندنى زانسته‌كانی فیقهو ته‌فسیر و زانستى فه‌رمووده‌ و زانسته‌كانى زمان و ره‌وانبێژى و چه‌ندین زانستى تر بووه‌، ئه‌مه‌ش یارمه‌تیده‌ربوون بۆئه‌وه‌ى جه‌نابیان بگات به‌ كاروانى زانایانى پێشه‌نگ و پله‌ى ئیجتیهاد.

لەساڵی 1988لەگەڵ کۆمەڵێک زاناو ڕۆشنبیری کورد ڕێکخراوی ڕابیتەی ئیسلامی کوردیان دامەزراندو تائێستا ئەم ڕێکخراوە خێرخوازیە زیاتر لە 1540پڕۆژەیان پێشکەش کوردستان کردووە ..

له‌ ساڵى 2004 له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك زاناى جیهانى، یه‌كێتى جیهانى زانایانى موسڵمانیان دامه‌زراندووه‌، له‌ ساڵى 2011 له‌به‌ر لێهاتووى بووه‌ته‌ ئه‌میندارى گشتى یه‌كێتى جیهانى زانایانى موسڵمان تا ساڵى 2024، له‌هه‌مان ساڵ به‌ متمانه‌ى زۆرینه‌ى ئه‌ندامانى كۆنگره‌ به‌ڕێزیان بۆته‌ سه‌رۆكى یه‌كێتى جیهانى زانایانى موسڵمان.

شایانى باسه‌ جه‌نابیان خاوه‌نى زیاتر له‌ 100 توێژینه‌وه‌ و ده‌یان كتێبن به‌ زمانى عه‌ره‌بى و به‌شێك له‌ كتێبه‌كانی  وه‌رگێڕدراونه‌ته‌ سه‌ر زمانى كوردى و زمانه‌كانى تر.

تێبینى: ژماره‌یه‌ك له‌و پۆست و به‌رپرسیارێتیانه‌ى كه‌ دكتۆر عه‌لى قه‌ره‌داغى وه‌ریگرتووه‌:

• ئه‌میندارى گشتى یه‌كێتى جیهانى زانایانى موسڵمان.

• جێگرى ئه‌نجوومه‌نى ئه‌وروپى بۆ فه‌توا و توێژینه‌وه‌.

• مامۆستا و سه‌رۆك به‌شى كۆلێجى شه‌ریعه‌ و یاسا و دیراساتى ئیسلامى له‌ زانكۆى قه‌ته‌ر.

• سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى ئه‌میندارێتى زانكۆى گه‌شه‌پێدانى مرۆییه‌ له‌ كوردستانى عێراق.

• سه‌رۆكی ڕێکخراوی ڕابیتەی مرۆیی( رابیته‌ى ئیسلامى كوردی) پێشوو

• سه‌رۆك یان ئه‌ندامى جێبه‌جێكردنه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌ى فه‌توا و چاودێرى شه‌رعى له‌ كۆمه‌ڵێك بانكى ئیسلامى و كۆمپانیاى ئیسلامى له‌ناو قه‌ته‌ر.